فێستیڤالی نێونەتەوەیی کورتە فیلمی هەولێر ساڵانە لە پایتەختی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچیت وهەلێکە بۆ نمایشی کورتە فیلم، هەروەها دیداری سینەما کاران و سینەما دۆستان بە مەبەستی ئاشنا بوون بە نوێترین بەرهەمە کوردی و جیهانییەکەن. لەم فێستیڤالەدا بە شێوەیەکی تایبەت ئاوڕ لە ژنانی سینەماکار دەدەینەوە کە تاکو ئێستا نەیانتوانیەوە لەم گۆڕەپانە دا وەکو پێویست رۆڵیان هەبێت.
ئەمەش لە بیر نەکرێت کە یەکێ لە ئەرکە هەرە گرینگەکانی هەر فستیڤالێک پەرەپێدانی کولتوری چوونەسینەمایە بۆ ئەوەی بینەران پێکەوە فیلم ببینن و لە سەر سینەما و بابەتی فیلمەکان گفتوگۆ بکەن. فستیڤالی نێونەتەوەیی کورتەفیلمی هەولێر کار دەکات بۆ بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی کەلتوریی فیلم بینین لە هۆلەکانی سینەما.
ئەرک:
ئەم فێستیڤالە پێی وایە سینەمای کوردی لە ڕوی فۆرمی هونەرییەوە وەکو پێویست گەشەی نەکردووە، لە ڕوی ناوەرۆکیشەوە خەریکی دووپاتکردنەوەی بابەتەکانە. یەکێک لە گرینگترین ڕێگاکانی چارەسەرکردنی ئەم کێشانە پێدانی بوارە بە نەوەیەکی ڕچەشکێنی سینەماکار تا بە ڕوانگەیەکی نوێوە کار بکات.
فیستیڤالی نیونەتەوەیی کورتە فیلمی هەولێر دەخوازێ ببێت بە دەرفێتێک بۆ دیداری سینەماکاران و دەستنیشان کردنی گرفت و کێشەکانی سینەمای کوردی هەروەها هەوڵ بۆ خستنەڕووی چارەسەرییەکان.
ڕێکارەکان:
گرینگترین و خێراترین ڕێگەی پێشخستنی هونەری سینەمای کوردی دۆزینەوە و بەگەڕخستنی نەوەیەکی ڕەچەشکێنە، بۆیە فۆکوسیی سەرەکیی ئەم فستیڤالە لە سەر گەنجانە . نەوەکانی پێشووی سینەماکاری کوردیش دەتوانن لە ڕێگەی ئەم فستیڤالەوە ئەزموون و زانیارییەکانی خۆیان بگوازنەوە بۆ گەنجان. فستیڤالی نێونەتەوەیی کورتەفیلمی هەولێر لە یەکەم خولیەوە بانگهێشی سینەماکارانی لاوی بیانی دەکات بۆ ئەوەی سینەماکارە ناوخۆییەکان ئاشنای ڕەوتە نوێکانی سینەمای جیهانی ببن بۆ ئەو مەبەستەش هەوڵ دەدین نوێترین و بەرچاوترین کورتە فیلمەکانی فستیڤاڵە بەناوبانگەکان گوڵ بژێر بکەین و نمایشیان بکەین.